سەردێڕ:

تورکیا یەکەم تۆرباینی‌ به‌نداوی ئەلیسۆی سەر رووباری دیجلە دەخاتە کار

فۆتۆ: 
2020-05-19

12258 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە حکومەتی تورکیا سبەینێ یەکەمین تۆرباینی بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر ڕووباری دیجلە لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا و هاوسنور لەگەڵ عێراق، بخاتەکار.

ئەمڕۆ سێشەممە، ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، لەدوای ساڵانێک لە وەستان و دواخستنی خستنەکاری یەکەمین تۆرباینی بەنداوی ئەلیسۆ، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، حکومەتی تورکیا دەستبکات بە کارپێکردنی تۆرباینەکە و لە ئێستادا خەزێنەی بەنداوەکەی پڕکردووە، کە ئەمەش بەڕای چالاکوانان زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە کاروباری کشتوکاڵی لە عێراق و دەبێتە هۆی تینووکردنی ملیۆنان کەس.

هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، ئەو بڕیارەی تورکیای بۆ خستنەکاری تۆرباینی بەنداوەکە راگەیاندبوو، بەڵام ئەو ئاماژەی بەوەکردبوو، کە لەمڕۆوە دەستی پێدەکرێت.

بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی سکای نیوز، بەنداوی ئەلیسۆ کە لەلایەن حکومەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا دروستکراوە، دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی ئەو ئاوەی لە رووباری دیجلەوە دەگاتە عێراق و ئەوەش دەبێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی نزیکەی ٨٠ هەزار کەس لە ١٩٩ گوندی جیا دەکات.

بەنداوی ئەلیسۆ، بە یەکێک لە بەنداوە گەورەکانی سەر رووباری دیجلە دادەنرێت کە لەپاڵ رووباری فورات، دوو سەرەکیترین سەرچاوەی ئاون لە عێراقدا، درێژیی بەنداوەکەش هەزار و ٨٢٠ مەترە و بەرزییەکەی دەگاتە ١٣٥ مەتر و پانییەکەی دوو کیلۆمەترە، رووبەرەکەشی بە ٣٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە هەژماردەکرێت، لە کاتی پڕبوونی تەواوەتیدا، پێویستی بە ٢٠.٩٣ بلیۆن مەتری سێجا ئاودەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی هەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبا و دەبێتە چوارەم گەورەترین بەنداوی تورکیا.

هاوکات،  لە ساڵی ٢٠١٧ەوە، عێراق بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت بەو پێیەی بەشی پێویست بۆ کاروباری کشتوکاڵ نییە، هەندێک بەرهەمی وەک "گەنم"یش لەترسی فەوتان لە هەندێ ناوچە قەدەغەکراوە، بۆیە بەشێک لە جوتیاران زەوییەکانیان بەجێهێشتووە، تەنانەت لە هەندێ شاری وەک بەسڕە بەشی پێویست ئاوی خواردنەوە نەبووە.