سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی لیستێکی نوێی موچەی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-05-19

78962 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی حەوت وەزارەت و هەشت دەستە و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەی چوارشەممە، ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٠، موچەی هەریەک لە وەزارەتەکانی (گواستنەوە و گەیاندن، خوێدنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رۆشنبیری و لاوان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن)، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران دابەشدەکرێت.

هاوکات، موچەی هەشت دەستەش دابەشدەکرێت کە بریتین لە دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ناوچەکانی، دەرەوەی هەرێم، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەسپاکی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەزگای مین دابەشدەکرێت.

ئەو موچەی دابەشدەکرێت موچەی مانگی یەکی ئەمساڵە و لە چەند رۆژی رابردووشدا، وەزارەتی دارایی موچەی چەند وەزارەتێکی دابەشکرد و راشیگەیاند، بەپێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستدایە، موچە دابەشدەکەن.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد، رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد و بە بێ هیچ رێککەوتنێک گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد مستەفا، هەولێر