سەردێڕ:

​کازمی: کەوتم بەسەر خەزێنەیەکی نیمچە بەتاڵدا

فۆتۆ: 
2020-05-19

4107 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا کازمی لە وتارێکیدا کە لە رۆژنامە عێراقییەکاندا بڵاوبووەتەوە رایگەیاند، کەوتم بەسەر خەزێنەیەکی نیمچە بەتاڵدا و دەشڵێت، "ئەو مانۆڕانەی لە پشتی پەردەوە دەکرێن ئاستەنگ بۆ تەواوکردنی کابینەی نوێ دروستدەکەن".

ئەمڕۆ سێشەممە، وتارێکی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، لە ژمارەیەک لە ڕۆژنامە عێراقییەکاندا بڵاوبووەوە بە ناوی "گەورەتر لە ئاڵانگارییەکان"، لە وتارەکەدا کازمی باس لەوەدەکات، "دوای ١٧ ساڵ لە بارودۆخێکداین کە ئیرەیی پێنابرێت، سەروەریمان کەموکورت و جێگای گومانە، خاکی وڵاتەکەمان خەریکە دەبێت بە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی تر و ئاسایشی هاوڵاتیانمان لەژێر هەڕەشەدایە، ئەمەش تەنیا بەهۆی داعش و شانە نوستووەکانییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو چەکانەوەیە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتن".

کازمی کە وتارەکەیدا ئەوەشی وتووە، "بێکاری بووە بە دیاردەیەک کە ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، ژمارەی بێکاران بەتایبەت لەنێو دەرچواندا گەشیتووەتە ئاستێک کە هەرگیز پێی نەگەیشتووە"، دەشڵێت، "ئەو سامانەی کە لە ١٧ ساڵی رابردوودا چووەتە ناو خەزێنەی عێراقەوە بەشی ئەوەی دەکرد سەر لە نوێ وڵات بنیادبنرێتەوە و سندوقی ئایندە دروستبکرێت، بەڵام گەندەڵی لەناویبرد و هەندێکی بە ئاشکرا ئاودیوی دەرەوەی وڵات کرا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر کەسێک تەقە لە خۆپیشاندەران بکات روبەڕووی دادگا دەکرێتەوە"، باسی لەوەشکردووە، "ئەم بەرپرسیارێتییەم وەرگرتووە و پێشوەختە ئەو ئاستەنگانەم زانیوە کە دێنە بەردەمم، ئەوەی ئاستەنگەکان زیاتر دەکات ئەوەیە بەشێوەیەکی جددی چاو نەخشێندرێتەوە بە پەیکەری وەبەرهێنان و خستنەبازاڕی نەوت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دابەزینی مەترسیداری داهاتی وڵات لەگەڵ داڕمانی نرخی نەوتدا، پێویستی کردووە لەسەر حکومەت بەدوای سەرچاوەی خێرای داهاتدا بگەڕێت بۆ موچەی فەرمانبەران و خەرجی دامەزراوەکان".

کازمی راشیگەیاندووە، "پێویستە لەم دۆخەدا کوتلەکانی پەرلەمان یارمەتیمان بدەن لە تەواوکردنی پێکهاتەی وزاری حکومەت لەڕێگەی دەنگدان بە لیستی کاندیدی وەزارەتە بەتاڵەکان".

لە وتارەکەی کازمیدا ئەوەش هاتووە، "کە بەرپرسیارێتیم وەرگرت کەوتم بەسەر خەزێنەیەکی نیمچە بەتاڵدا، دەمەوێت گەلەکەمان لەو ئاستەنگانە ئاگاداربکەمەوە کە روبەڕوومان بووەتەوە، لەوانە دژبەیەکی لەو بەڵێنانەی کە بە ئاشکرا پێماندرا لەبارەی ئازادیم لە هەڵبژاردنی کابینەی وزاری و ئەو مانۆڕانەی کە لە پشتی پەردەوە دەکرێن لەلایەن هەندێک لایەنەوە، ئەمە ئاستەنگ بۆ تەواوکردنی کابینە وزارییەکە دروستدەکات".

ئاماژە بەوەشدەکات، "هیچ رێگەیەکمان لەبەردەمدا نییە جگەلەوەی وەڵامی خواستە رەواکانی گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان بدەینەوە، کە ئەویش نەهێشتنی پشک پشکێنەو روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕییە، ناتوانرێت هیچ هەنگاوێکی جددی بنرێت تاوەکو دەوڵەت شکۆی بۆ نەگەڕێتەوە و چەک لە دەستی دەوڵەت و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا نەبێت".

دەشڵێت، "جەخت دەکەمەوە ئەو ئەرکەی کە پێمدراوە تێپەڕاندنی قۆناغی ئینتیقالییە بە شێوەیەکی خێرا و ئەنجامدانی ئەم کارانەیە بەشێوەیەکی راستەوخۆ، کە دیارترینیان؛ تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان و فەراهەمکردنی هەموو ئەوشتانەی کە پێویستن بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە نزیکترین کاتدا، لەگەڵ گرتنەبەری هەموو رێوشۆێنێک بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکاندا".

کازمی ئاماژەی بەوەشكردووە، "وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایدەگەیەنم من نە فەرمانم کردووە و نە فەرمانیش دەکەم بەوەی تەقە لە خۆپیشاندەری ئاشتیخوازانە بکرێت و هەرکەسێک کاری لەو جۆرە بکات روبەڕوی دادگا دەکرێتەوە".

روونیشیکردووەتەوە، "بۆ جاری دووەم جەخت دەکەمەوە فەرمان دەرچووە بۆ هەموو دەزگا ئەمنییەکان سەرجەم خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازادبکەن و هەموو رێوشوێنێکی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانی ئابوری و دارایی و رێکخستنەوەی خەرجییەکان و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و دەستپێکردنی چاکسازیی".

لە دوای دەستەلەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، دواتر راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی، مستەفا کازمی سێیەم کەسایەتییە کە لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.