سەردێڕ:

عێراق.. کۆتایى بە وەرزى خوێندنى ئەمساڵ هێنرا

فۆتۆ: 
2020-05-19

16726 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى پەروەردەى عێراق بە فەرمیى کۆتایی هاتنى وەرزى ئەمساڵى خوێندی ٢٠١٩- ٢٠٢٠ی راگەیاند.

بەپێى بەیاننامەیەک کە وەزارەتى پەروەردەى عێراق بڵاویکردۆتەوە، دەستەى بۆچوونەکان لە وەزارەتى پەروەردە بە سەرۆکایەتى عەلى حەمید مەخلەف وەزیرى پەروەردەى عێراق کۆبۆتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریاندا وەرزى ئەمساڵى خوێندن بۆ پۆلە ناکۆتاکان کۆتایى پێبهێنن.

لەبارەى چۆنیەتى هەژمارکردنى نمرەکانیشەوە بەیاننامەکە رایگەیاندووە، کە دەستەکە بڕیاریانداوە نمرەکانى وەرزى یەکەمى ئەمساڵى خوێندن وەک نمرەى دەرچوون بۆ خوێندکاران هەژمار بکەن و ئەو خوێندکارانەشى کەوتوون لە کاتێکى تردا تاقیکردنەوەى دەرچوون ئەنجام بدەنەوە، لیژنەکە بڕیاریشیداوە کە رێژەى ٪١٠ لەپارەى خوێندنى خوێندنگە ئەهلیەکان بشکێنێت.

بڕیارەکەى وەزارەتى پەروەردەى عێراق سەرجەم پۆلە ناکۆتاکان لە قۆناغەکانى خوێندنى سەرەتایى و ناوەندى ئامادەیى و پەیمانگاى هونەرە جوانەکان و پەیمانگا پیشەییەکان دەگرێتەوە، ئەو خوێندکارانەشى لە ژمارەیەکى زۆرى وانەکاندا دەرنەچوون، دەتوانن لە خولى دووەمدا بەشدارى لە تاقیکردنەوەکاندا بکەنەوە.