سەردێڕ:

ناوەندی ئیسلامیی بۆ بینینی مانگ یەکەم رۆژی جەژنی دیاری کرد

فۆتۆ: 
2020-05-19

145491 جار خوێندراوەتەوە

بنکەی نێودەوڵەتی گەردوونناسی رایگەیاند، بەپێی لێکدانەوەکانیان، رۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ئەم مانگە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت بۆ ئەو وڵاتانەی لە رۆژی ٢٤ی نیسانەوە دەستیان بە رۆژووگرتن کردووە.

ناوەندی ئیسلامیی بۆ بینینی مانگ، کە دەکەوێتە وڵاتی ئیماراتەوە و بنکەی نێودەوڵەتی گەردوونناسی سەرپەرشتی دەکات، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری هەور و پەڵەهەور لە ئاسماندا، بینینی مانگ لە وڵاتانی ئیسلامیدا و لە رێککەوتی ٢٢ی ئەم مانگەدا ئەستەم دەبێت و بەوەش، دەبێت بۆ بینینی مانگ، چاوەڕێی رۆژی دواتر بکەن.

راشیگەیاندووە، رۆژی هەینی، ٢٢ی ئەم مانگە ٢٩یەمین رۆژی رەمەزانە و بینینی مانگ ئەستەم دەبێت و بەوەش، مسوڵمانان دەبێت رۆژی ٢٣ی مانگیش کە دەکاتە ٣٠یەمین رۆژی رەمەزان بەڕۆژوو بن.

باسی لەوەشکردووە، ئەو وڵاتانەی لە ٢٥ی نیسانەوە دەستیان بە رۆژووگرتن کردووە، ئەوا یەکەم رۆژی جەژنیان دەکەوێتە یەکێک لە رۆژەکانی ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگە.

دوێنێش، سادق عەتیە پێشبینیکارى کەشناسى پێشکەوتوو لە فڕۆکەخانەی میسر رایەگەیاند، لە رۆژی هەینی ٢٢ی ئەم مانگەدا، ناتوانرێت مانگ بە چاو ببینرێت و لەو حاڵەتەشدا، رۆژی شەممە تەواوکەری مانگی رەمەزان دەبێت و یەکشەممەش، یەکەم رۆژی جەژن دەبێت.