سەردێڕ:

نوێترین زانیاریی لەبارەی هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر شاندەکەی هەرێم

فۆتۆ: 
2020-05-18

42263 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی عێراق بە شاندی هەرێمی راگەیاندووە، لەبەرئەوەی تا ئێستا لەبارەی پێشنیازەکانی هەرێمەوە نەگەیشتونەتە ئەنجام، ئەوا لە ئێستادا ناتوانن پێشوازی لە شاندی هەرێم بکەن.

ئومێد محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق بە شاندی هەرێمی وتووە، تاوەکو ئەو پێشنیازانەی کە لەلایەن هەرێمەوە دراونەتە بەغدا یەکلایینەبنەوە، ناتوانن لەگەڵ شاندی هەرێمدا کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی نێوانیانەوە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شاندەکەی هەرێم چاوەڕوانی وەڵامی بەغدایە و ئەگەر بڵێن سەردان بکەن، ئەوا یەکسەر بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون.

راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی ماوەی رابردوویاندا، شاندەکەی هەرێم پێشنیازی بۆ لایەنی عێراقیی کردووە، کە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکەن و باقی نەوتەکەش دەدەن بە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و داھاتی گومرکەکان ٥٠ بە ٥٠ بۆ ھەردولا و بەشێک لە داھاتی ناوخۆش بە بەغدا دەدەن، لە بەرامبەریشدا، حکومەتی عێراق دەبێت مانگانە ٦٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بەو پێشنیازەی هەرێم رازی نەبووە و ناردنی بڕی ٦٠٠ ملیار دیناری مانگانەی بە زۆر زانیوە.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەڕمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.