سەردێڕ:

کشتوکاڵی هەرێم لەبارەی گەنمی جوتیارانەوە داوایەک لە بەغدا دەکات

فۆتۆ: 
2020-05-18

1952 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، داوایان لە بەغدا کردووە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەرجەم گەنمی جوتیاران وەربگرن و دەشڵێت، سەرجەم داتاکانیان لەسەر بەرهەمی جوتیاران داوەتە بەغدا.

حسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتەکەی بەشداری کۆبوونەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکات و داوایانکردووە سەرجەم گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگرن، هاوشێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.

وتیشی، ئەگەر حکومەتی عێراق ئامادە نەبێت سەرجەم گەنمەکە وەربگرێت، ئەوا ئەو بڕەی دەمێنێتەوە هەوڵدەدەن لەناوخۆدا لە جوتیاران بکڕدرێتەوە و میکانزمێک دابنێن بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم داتاکانیان لەبارەی بری زەوی داچێنراو بە گەنم و بڕی پێشبینیکراوی گەنم ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن، بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران.