سەردێڕ:

یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بەشێوەی فەلەکی دیاریکرا

فۆتۆ: 
2020-05-17

409843 جار خوێندراوەتەوە

سادق عەتیە پێشبینیکارى کەشناسى پێشکەوتوو دەڵێت، لە رۆژی هەینی ٢٢ی ئەم مانگەدا، ناتوانرێت مانگ بە چاو ببینرێت و لەو حاڵەتەشدا، رۆژی شەممە تەواوکەری مانگی رەمەزان دەبێت و یەکشەممەش، یەکەم رۆژی جەژن دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سادق عەتیە پێشبینیکارى کەشناسى پێشکەوتوو لە فڕۆکەخانەى بەسرە لە پێگەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک نوسیویەتى، "دوور لە بابەتە فیقهییەکان، لێکدانەوە فەلەکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن مانگى ئێستا لە قۆناغى دژیەکى مانگیدایە،  مانگى نوێ رۆژى هەینى رێکەوتى ٢٢/٥ کاتژمێر ٨:٣٩ى شەو بە کاتى عێراق دروست دەبێت و پێویستە ئەوەش بوترێت کە دروستبوونى مانگ بەواتاى بینینى نایەت."

ئەو کەشناسە ئەوەشى نوسیووە، "ئەمە واتاى ئەوەیە کە ئێوارەى رۆژى هەینى داهاتوو ناتوانرێت مانگ ببێنرێت، چونکە دروستبوونەکەى دەکەوێتە دواى رۆژئاوابوونەوە و ئەگەر هەیە ئێوارەى رۆژى شەممە ٢٣ى ئایار مانگى جەژن ببینرێت."

عەتیە روونیشیکردووەتەوە، "دەکرێت رۆژى شەممەى داهاتوو دواى خۆرئاوابوون لەرێگەى تەلیسکۆبەوە بە ئاسانى مانگ ببینرێت، هەروەها دەتوانرێت بە چاویش ببینرێت ئەگەر ئەو کەسە بە ئەزموون بێت، ئەوەش بەو مەرجەى کەسەکە یەکەمجار شوێنەکە بە چاویلکە دیاریبکات و کەش و هەواکەش روونبێت دوور لە رووناکیی شارەکان."

لە کۆتاییدا ئەو کەشناسە ئاماژەى بەوەشکردووە" ئەگەرئێوارەى رۆژى شەممە مانگ ببینرێت ئەوا لە رووى فەلەکییەوە رۆژى یەکشەمەى داهاتوو یەکەم رۆژى جەژنى رەمەزانە."