سەردێڕ:

دواین زانیارییەکان لەبارەی ئامادەکردنی ڤاکسینی کۆرۆناوە

فۆتۆ: 
2020-05-17

6821 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕۆژھەڵاتەوە ئوستراڵیا و چین و لە رۆژئاواشەوە ئەمریکا، روسیا و ئەوروپا پێشبڕکێیانە لەسەر دروستکردن و ئامادەکردنی یەکەمین ڤاکسین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەڵام تا ئەم چرکەساتە هیچ لەو هەوڵانە نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، ڕۆژانە ژمارەی ڤاکسینە پێشنیازکراوەکان روویان لە زیادبوونە و لە ئێستادا ، زیاد لە ١٠٠ نمونەی لەلایەن شارەزایان و زانستکارانەوە و لەژێر تاقیکردنەوەدایە و دەوترێت، ھەندێکیان تا ئاستێکی باش ھاتووە و ئەنجامی دڵخۆشکەری بەدەستەوە داوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، شارەزایانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، کە خەریکی پەرەپێدانی ١٤ جۆری ڤاکسینی دژە کۆرۆنان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەو وڵاتە، تەنیا ڕەزامەندی لەسەر یەک جۆریان دەربڕیوە بە ناوی "مۆدێرنا سێرابایۆتیک" بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی کۆتایی لەسەر ئەنجامبدەن.

لەلایەکی دیکەوە، لە ئەوروپا، چەند وڵاتێک خەریکی پەرەپێدانی ڤایرۆسی کۆرۆنان و پەیمانگای باستوری فەرەنسیش رایگەیاندووە، ئیش لەسەر پەرەپێدانی سێ دەرمان دەکەن کە لە ناویاندا، دژە مەلاریا هەیە و رەنگە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا ئەنجامەکەی دەربکەوێت.

هاوکات، ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی بڵاویکردەوە، کە وەکو چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاقیکردنەوە لەسەر ١١٥ جۆری دەرمان دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتی ژاپۆن لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵدا بڕیاری بەکارھێنانی دەرمانی "رێمدیسڤیر" داوە کە لەلایەن کۆمپانیای "گیلیاد ساینسز"وە بەرھەمھاتووە  و بووە یەکەم دەرمانی فەرمی لەو وڵاتەدا کە بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەکاربێت.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادە دەکات و بەهۆیەوە مرۆڤایەتی رزگاردەکەن.

شارەزایانی بواری ڤاکسین دەڵێن، هەموو جۆرە ڤاکسینێک ١٢ مانگ تاوەکو ١٨ مانگی پێویستە، بەڵام بانگەشەکەی ترەمپ خۆی لە دەوروبەری ١٠ مانگدا دەبینێتەوە.