سەردێڕ:

هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان لە بەغدا کاردانەوەی لێکەوتەوە

ئاڵای هاوڕەگەزخوازان کە بە پەلکەزێڕینەش ناودەبرێت
فۆتۆ: لە ئینتەرنێتەوە
2020-05-17

9982 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاڵای هاوڕەگەزخوازەکان لەلایەن باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا و بە هاوکاری باڵیۆزی کەنەدا و بەریتانیا هەڵکرا، کاردانەوەی لێکەوتەوە و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دژی بەها ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی عێراق ناوبرا.

لە یەکەم کاردانەوەدا، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هەڵکردنی ئاڵاکە دەستدرێژییە بۆ سەر بەها و بیروباوەڕە ئاینییەکانی عێراق.

لەلایەکی دیکەوە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازی لە بەغدا بریندارکردنى هەستی کۆمەڵگەی عێراقییە و داواش دەکات بەزوترین کات ئەو ئاڵایە بهێنرێتە خوارەوە و داوای لێبوردنیش لەو کارە بکرێت و جارێکی دیکەش کارێکی لەوشێوەیە دووبارە نەکرێتەوە.

فراکسیۆنی سادقونیش لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەڵکردنی ئاڵای رەگەزخوازەکان لەلایەن باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا و بە هاوکاری باڵیۆزی کەنەدا و بەریتانیا، دەستدرێژییەکی ئازایانەیە بۆ سەر کەلتوری عێراقییەکان و بنەما ئاینییەکان.

لە راگەیاندراوێکدا فراکسیۆنەکە، داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات، رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ڕێگریکردن لە هەر زیادەڕۆییەک کە بەو شێوە خراپە بکرێتە سەر عێراق و عێراقییەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، باڵیۆزخانەی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا، وەکو پشتگیرییەک بۆ مافەکانیان کە ئەمڕۆ بە رۆژی هاوڕەگەزخوازەکان دانراوە، بە فەرمی ئاڵاکەیانی هەڵکرد.