سەردێڕ:

شه‌پۆلێكی گه‌رما روو لە عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2020-05-16

24474 جار خوێندراوەتەوە

سادق عه‌تییه‌، كه‌شناسی پێشكه‌وتووی عێراقی ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی پێشبینییەکانی کەش  و هەوا، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیدا شەپۆلێکی گەرما روو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە.

ئەمرۆ، شەممە، سادق عەتیە، كه‌شناسی پێشكه‌وتووی عێراقی لە پێگەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک نوسیویەتى، "ئەم هەفتەیە پلەکانى گەرما چەند پلەیەک بەرزدەبنەوە، پێشبینى کەشێکى ماندوکەرى زۆر گەرم لە ناوەراست و باشورى وڵات دەکرێت، هەروەها لە ناوچەکانى باکور و رۆژئاواى عێراقیش کەش و هەوا گەرم دەبێت، ئەوەش بەهۆى کاریگەرى بەرزە پاڵەپەستۆى نیمچە کەمەرەیی لەسەر تەواوى ناوچەکە."

ئەو پێشبینیزانە ئەوەشى روونکردووەتەوە، کە "ئەم دۆخە تەواوى هەفتەکە بەردەوام دەبێت، چانسى ئەوەش هەیە کە هەفتەى داهاتوو کەش و هەوا باشبێتەوە."

باسى لەوەشکردووە، "چانسى کۆبوونەوەى هەور لە چەند کاتێکدا هەیە و هەروەها دەکرێ بارانیش لە بەشى هەرە باکور و باشورى رۆژئاواى وڵات لە ناوەراستى ئەم هەفتەیە، (واتە دووشەممە، یان سێ شەممە) ببارێت."

ئەوەشى وتووە، "پێشبینیە سەرەتایییەکانى کەش و هەوا ئاماژە بە تاوەبارانى خێرا دەکەن لە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو، کە لەوانەیە زیاتر بکات یان بڕەوێتەوە، کە بێگومان دەکرێت لەکاتى خۆیدا گۆڕانکارى تێدا ڕووبدات."

لە کۆتاییدا، نوسیویەتى،" واباشە وریاى خۆتان بن و خۆتان بەدوربگرن لە چوونەبەر تیشکى خۆر بەشێوەیەکى راستەوخۆ، هەروەها ئاو و شلەمەنییەکان دواى رۆژووشکاندن زۆر بخۆنەوە."