سەردێڕ:

عێراق.. به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی بانكی بازرگانی بە حه‌وت ساڵ زیندانی سزادرا

فۆتۆ: 
2020-05-16

3333 جار خوێندراوەتەوە

ده‌سته‌ی ده‌سپاكی عێراق رایگه‌یاند، به‌تۆمه‌تی به‌ هه‌ده‌ردانی ٣٠ ملیۆن دۆلار، ماوه‌ی حه‌وت ساڵ زیندانی به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بانكی بازرگانیدا سەپێنراوە.

ده‌سته‌ی ده‌سپاكی عێراق لە گەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی بازرگانی عێراقی له‌ ساڵی ٢٠١٤دا، ٣٠ ملیۆن دۆلاری به‌هه‌ده‌رداوه و ‌به‌ ئه‌نقه‌ست زیانی له‌ موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت داوه، ئەوەش‌ له‌رێگه‌ی قه‌رزی دارایی رێگه ‌پێنه‌دراوه‌وه‌ به ‌یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكان، حەوت ساڵ ‌بەندکردن سزا دراوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی دەستەی دەسپاکی، دادگای باڵای تاوانه‌كانی ره‌سافه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌دۆسیه‌ی ده‌سپاكی، به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ و وه‌رگرتنی وته‌ی نوێنه‌ری یاسایی بانكی بازرگانی، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه و تۆمەتەکان بەسەر بەڕێوەبەرەکەدا ساغبووەتەوە.

دەستەی دەسپاکی ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ی بانكی بازرگانی عێراق له‌ ئێستادا هه‌ڵاتووه‌ و به‌گوێره‌ی مادده‌ی ٣٤٠ له ‌یاسای سزادانی عێراقی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركراوه.