سەردێڕ:

ئێران.. هەناردەکردنی نەوت بۆ کەمترین ئاستی خۆی دابەزی

فۆتۆ: 
2020-05-16

2298 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئۆپێک رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویکردەوە، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ نزمترین ئاستی دابەزیوە.

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری چەندین سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا لە مانگی ئازاردا ئێران رۆژانە ٢٧٨ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئەو بڕە لە مانگی نیساندا بۆ ٧٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە و ئەوەش کەمترین ئاستی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، هۆکاری دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ دابەزینی خواستی چین لەسەر نەوت دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەکی بەرزبوونەوەی خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت بەدیناکرێت.

پێشتر، رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتی خۆیدا بڵاویکردەوە، کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ یەک ملیۆن و ٩٦٩ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە.

بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئێران زۆرینەی کڕیارانی خۆی لەدەستداوە و چین بە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئەو وڵاتە دادەنرێت، بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و سستبوونی جوڵەی پیشەسازیی و بازرگانی، خواستی ئەو وڵاتە لەسەر نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.