سەردێڕ:

عێراق دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ڕەتکردەوە

فۆتۆ: 
2020-05-16

16239 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە دەستیپێنەکردووەتەوە و هەوڵدەدەن بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەزووترین کات هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی عێراق لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی."

باس لەوەشکراوە، هیچ ڕێگەپێدانێکی فەڕمی نادرێت بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان بۆ مەبەستی گەشتە ئاساییەکانیان، هەروەها پابەند دەبن بەو بڕیارانەی لەلایەن لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە دەردەکرێن.

ئەوەش هاتووە، ئەو پڕوپاگەندانەی لە بەشێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەربارەی ئاساییبوونەوەی گەشتکردن بڵاودەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییەوە و وەک خۆی زانیارییەکان ناگوێزنەوە، هەربۆیە نابێت هاوڵاتیان باوەڕییان پێبکەن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی، لە رۆژی ١٧ی ئازاری ئەمساڵەوە گەشتە ئاسمانییە ئاساییەکانی عێراق راگیراون.