سەردێڕ:

ئەمریکا سزای نوێ بەسەر کۆمپانیای هواویدا دەسەپێنێت

فۆتۆ: 
2020-05-16

4158 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کۆمپانیای هواویدا سەپاند و تێیدا، گواستنەوەی کەرەستەی ئەلیکترۆنی، لەو کارگە جیهانیانەی کە پشکی ئەمریکای تێدایە، بۆ کۆمپانیاکە قەدەغەکرد.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ئیدارای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەستاوە بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆمپانیای هواویدا و وەزارەتی بازرگانی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، هەر کۆمپانیا و کارگەیەکی دنیا کە پشکی ئەمریکای تێدابێت، ئەوا پێویستە بە مۆڵەتەوە کەرەستەی ئەلیکترۆنی بە کۆمپانیا چینییەکە بفرۆشێت و مۆڵەتەکەش راستەوخۆ لە کۆشکی سپییە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە ئەو هەنگاوە ئەمریکا و کۆمپانیاکانی و ئاسایشی تەلەفۆنی ئەو وڵاتە دەکاتە گرنگیی لەپێشینە و رێگە لە کۆنترۆڵکردنی جیهان لەلایەن هواوییەوە دەهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، پەکین لیستێکی سزای بەناوی "لیستی کەرەستە متمانەپێنەکراوەکان" بۆ سەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئامادەکردووە و بە زووی دەیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کۆمپانیای هواوی بۆ تەکنەلۆژیا، کۆمپانیایەکی چینییە و گەورەترین کۆمپانیای بواری کەرەستەی ئەلیکترۆنی و پارچەکانی تەلەفۆنە.