سەردێڕ:

ترەمپ: کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادە دەبێت

فۆتۆ: 
2020-05-16

7867 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادە دەکات. دەشڵێت، "ڤاکسینی کۆرۆنا هەبێت یان نا، رێکارەکان ئاساییدەکەینەوە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژانەی هەواڵیی خۆیدا رایگەیاند، زانستکارانی وڵاتەکەی لە کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادە دەکەن و ئەوەشی وەکو پێشبڕکێی وڵاتان بۆ دروستکردنی یەکەم چەکی ئەتۆمی لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانی لێکدایەوە.

راشیگەیاند، وڵاتەکەی پێویستی بە ئاساییکردنەوەی رێکارەکانە و بۆ ئەوەش، ڤاکسین هەبێت یان نا، دەبێت چالاکییەکان دەستپێبکرێتەوە.

هەر لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا ١٤ ڤاکسین لەژێر تاقیکردنەوەدان و کاندیدن بۆ سەرکەوتن و رزگارکردنی مرۆڤایەتی.

شارەزایانی بواری ڤاکسین دەڵێن، هەموو جۆرە ڤاکسینێک ١٢ مانگ تاوەکو ١٨ مانگی پێویستە، بەڵام بانگەشەکەی ترەمپ خۆی لە دەوروبەری ١٠ مانگدا دەبینێتەوە.