سەردێڕ:

ئەردۆغان: لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی بەغدا دەکەم

فۆتۆ: 
2020-05-15

2929 جار خوێندراوەتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەهۆی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە مستەفا کازمی کرد و دەشڵێت، "لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی بەغدا دەکەم".

ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، "رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و سەرۆکی تورکیا پیرۆزبایی ئاڕاستەی کازمی کرد بەهۆی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق".

باس لەوەشکراوە، "لە نزیکترین دەرفەتدا ئەردۆغان سەردانی بەغدا دەکات، بۆ توندوتۆڵکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات"، ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەردۆغان پشتگیری خۆی لە رووی سیاسی، ئاسایش و ئابوریەوە بۆ عێراق راگەیاندووە".

ئەوەش هاتووە، "کازمی سوپاسی سەرۆکی تورکیای کردووە بۆ پیرۆزبایی کردنەکەی و جەختی لەوەکردووەتەوە، دەیەوێت پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ تورکیای هاوسێیاندا هەبێت".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "باسی کێشەی ئاو، جوڵەی ئابوری و وەبەرهێنان، رۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان لە بواری جیاوازەکاندا و چۆنییەتی روبەروبوونەوەی قەیرانەکانی کۆرۆنا لە نێوان هەردوو سەرۆکدا تاوتوێکراون". 

دوو هەفتە لەمەوبەر، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە کابینەکەی مستەفا کازمی بەخشی، بەوەش کازمی بووە شەشەم سەرۆک وەزیرانی لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە.