سەردێڕ:

یۆنان لەبارەی ناردنەوەی پەنابەرانەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-05-15

6168 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کۆچی یۆنان ڕایگەیاند، هەموو ئەو کەسانەى کە مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە دەستبەسەر دەکرێن و دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان یاخود تورکیا دەکرێنەوە.

نۆتیس میتاراکیس وەزیری کۆچی یۆنان ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتەوە کە داخستن و قەدەغەى هاتوچۆ بەهۆی کۆرۆناوە سەپێنراوە، داواکاری مافی پەنابەری زیادیان کردووە و ئەوانیش یاساکانیان سەبارەت بە پەنابەران توندتر کردووەتەوە، بە جۆرێک لە مانگەکانی ئازار و نیساندا کەیسی ١١ هەزار کۆچبەریان رەتکردووتەوە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، زۆربوونی پەنابەران بوونەتە کێشەیەکی جدی لەسەر یۆنان و سەرجەم ئەو کەسانەی کەیسەکانیان رەتکراونەتەوە، لەدوای کۆتایی هاتنی ڕێکارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا، ڕەوانەى وڵاتانی خۆیان دەکرێنەوە.

حکومەتی یۆنان ئەمساڵ یاساکانی لەبارەی کۆچبەران و مافی پەنابەرێتییەوە گۆڕیوە، بە جۆرێک کە دەبێت لە کاتێکی کەمدا کەیسەکانیان پێشکەشبکەن، لە ئەگەری ڕەتکردنەوەشدا مافی تانەدانیان نییە و دەبێت یەکسەر یۆنان بەجێبهێڵن.