سەردێڕ:

دواین زانیاری لەبارەی ناردنی موچە و رێککەوتنی هەرێم و بەغدا

فۆتۆ: 
2020-05-15

181711 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی هەرێم لە بەرامبەر رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ٥٠%ی داهاتی گومرکەکان و بەشێک لە داهاتی ناوخۆدا، داوای ٦٠٠ ملیار دیناری مانگانەی لە بەغدا کردووە بەڵام بەغدا ئامادەنییە ئەو بڕە پارەیە بنێرێت و تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک، زارەکی بێت یاخود نوسراو، نەکراوە.

شاندی هەرێم پێشنیازی چی بۆ بەغدا کردووە؟

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی ماوەی رابردوویاندا، شاندەکەی هەرێم پێشنیازی بۆ لایەنی عێراقیی کردووە، کە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکەن و باقی نەوتەکەش دەدەن بە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و داھاتی گومرکەکان ٥٠ بە ٥٠ بۆ ھەردولا و بەشێک لە داھاتی ناوخۆش بە بەغدا دەدەن، لە بەرامبەریشدا، حکومەتی عێراق دەبێت مانگانە ٦٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

-بەغدا پێشنیازەکانی هەرێمی قبوڵکردووە؟

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی بەغدا پێشنیازەکانی هەرێمی لەبەر دوو هۆکار رەتکردووەتەوە.

هۆکارەکانی بەغدا:

یەکەم: بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، کازمی ئەو پارەیەی پێ زۆرە و بە شاندی هەرێمی وتووە، ئەوانە ڕادەست بکەن و ھەر ٤٥٣ ملیارەکە دەنێریین چونکە نرخی نەوت وەک پێویست نییە و نایەویت فەرمانبەرانی خۆیان بکەن بە قوربانی بە ڕوونی کازمی وتویەتی "من گرەو لەسەر موچەی فەرمانبەرانی عێراق ناکەم."

دووەم: راوێژکارەکانی مستەفا کازمی ئاماژەیان بەوەکردووە، "ھەرێم خۆی زیاتر لە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و بە داھاتی ناوخۆ و خاڵە گورمرکەکانیشەوە هێشتا ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بدات، ئەی چۆن داوادەکات بە رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەگەڵ نیوەی ئەو داھاتانەی هەیەتی، لە بەرامبەردا ئێمە ٦٠٠ ملیار دیناری مانگانەیان بۆ بنێرین."

-رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دوای رەتکردنەوەی ئەو پێشنیازە گەیشتووەتە بنبەست؟

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، هێشتا کێشەکانی هەرێم  و بەغدا نەگەیشتووەتە بنبەست کازمی بە لیژنەی دارایی پەرلەمان و راوێژکارەکانی راگەیاندووە، "با شاندەکەی هەرێم بێنەوە بزانم چی لە ھەگبەیاندایە و جیاوازیمان زۆر نییە، بەڵکو ئەوان هەندێک لە ٦٠٠ ملیارەکە داببەزن و ئێمەش هەندێک لە ٤٥٣ ملیارەکە بچینە سەرەوە."

-ھەرێم ھیچ پێشنیازی نوێی هەیە؟

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستناکاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەریم هیچ پێشنیازێکی نوێی نییە و چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەکات لەسەر ئەو ڕاسپاردانەی کە پێشتر پێشکەشی کردوون.

-هەڵوێستی مستەفا کازمی لەبارەی پێشنیازەکانی هەرێم چییە؟

هەر بەپێی زانیارییەکان، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان و چەند راوێژکارێکی دیکەی ئابوریدا، تاوتوێی راپۆرتی کۆبوونەوەکانی ماوەی رابردووی شاندەکەی هەرێم و بەغدای کردووە و تێیدا، بە ناردنی ٦٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم رازی نەبووە و بە زۆری زانیوە.

-شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە؟

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، شاندەکەی هەرێم بگەڕێنەوە بەغدا و یەکەم کۆبوونەوەی فەڕمی لەگەڵ حکومەتەکەی کازمیدا بکات.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەڕمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد.

ئومێد محەمەد، بەغدا