سەردێڕ:

شارەزایان: بەهۆی کۆرۆناوە جێف بیزۆس دەبێتە یەکەم ترلیۆنێری جیهان

فۆتۆ: 
2020-05-15

13960 جار خوێندراوەتەوە

سەرباری ئەو قەیرانانەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە روبەروی جیھان بووەتەوە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکانی چاودێرانی ئابوری جیهانی، لە شەش ساڵی داهاتوودا، خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆن دەبێتە ترلیۆنێر.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، زۆربەی چالاکییەکان بوونەتە دیجیتاڵی و ئەوەش، لە بەختی کۆمپانیاکانی ئەو بوارەدایە و کۆمپانیای ئەمازۆن سودمەندی یەکەم دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا و رەنگە لە داهاتووشدا، مرۆڤەکان چیتر وەکو جاران نەچنەدەرەوە و بازاڕکردنەکانیان لە رێگەی ئۆنڵاینەوە بێت و بەوەش، ئەگەر فرۆشی ئەمازۆن بەو شێوازە بەرچاوە بەردەوام بێت، ئەوا لە ساڵی ٢٠٢٦دا، جێف بیزۆس، خاوەنی کۆمپانیاکە دەبێتە یەکەم کەسی جیهان کە ببێتە ترلیۆنێر.

ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سامانەکەی جێف بیزۆس، زیاتر لە ١٤٠ ملیار دۆلارە و لە ساڵی ٢٠٢٦دا تەمەنی دەبێتە ٦٢ ساڵ.

ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە، ڤایرۆسێک کە پێشتر تێبینی نەکراوە و لە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بە کۆڤید-١٩ ناسێندراوە، بڵاوبووەتەوە. ڤایرۆسەکە تا ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهاندا توشکردووە و هاوکات، لەو ژمارەیەش بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس.