سەردێڕ:

وێنە.. ئێسکی کۆنترین مرۆڤی ژیر لە ئەشکەوتێکدا دۆزرایەوە

فۆتۆ: 
2020-05-15

9389 جار خوێندراوەتەوە

ئێسکی کۆنترین مرۆڤی سەیپیەنت (مرۆڤی ژیر) لە ئەشکەوتێکی وڵاتی بولگاریادا دۆزرایەوە و زانایان مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٤٤ هەزار ساڵ دەگەڕێننەوە.

توێژینەوەیەک لە جۆرناڵی زانستی نەیچەردا بڵاوکراوەتەوە کە تێێدا، توێژەران لە ئەشکەوتێکی ناوچەی باچۆی وڵاتی بولگاریا، کە پێشتر ئێسکی جۆری نیاندەرتاڵی تێدا دۆزراوەتەوە، پاشماوەی ئێسکی لەش و ددانی مرۆڤێکی نوێیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی کۆنترە لە ئێسکی دۆزراوەی هەر مرڤێکی دیکەی سەیپیەنت و نوێ و ژیر.

هەر لە توێژینەوەکەدا، توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە لە هەمان ئەشکەوتدا پاشماوەی بەریەککەوتن و پێکەوژیانی مرۆڤی سەیپیەنت و نیاندەرتاڵیان دۆزیوەتەوە.

ژان جاکویس هوبڵین، هاونوسەری توێژینەوەکە بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، "بەپێی توێژینەوەکانمان، پێمانوایە جۆری نیاندەرتاڵ و مرۆڤی نوێی ژیر بۆ ماوەی هەشت هەزار ساڵ لەو ناوچەیەدا پێکەوە ژیابن و پەیوەندی و تێکەڵبوونیشیان هەبووبێت."

لەماوەی رابردووشدا، زانکۆی کامبریجی بەریتانیا توێژینەوەیەکی نوێی لەسەر نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە پارێزگای هەولێر کرد و تێیدا، بۆیان دەرکەوت کە نیاندەرتاڵەکان لە ٧٠ هەزار ساڵ لەمەوبەردا لە ئەشکەوتەکەدا ژیاون و مردووەکانیشیان بەخاکسپاردووە.