سەردێڕ:

پوتین بە فەڕمی بانگهێشتی کازمی کرد

فۆتۆ: 
2020-05-15

5378 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، باڵیۆزی روسیا لە عێراق بانگهێشتنامەیەکی سەرۆکی وڵاتەکەی رادەستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کردووە و بەوەش، لەدوای سعودیە، روسیا دەبێتە دووەم وڵات کە بانگێهشتنامەی فەڕمی بۆ کازمی ناردبێت.

نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی پێشوازی لە ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق کرد و نامەیەکی پیرۆزبایی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیای ئاڕاستەی مستەفا کازمی کرد کە تێیدا، بە فەڕمی بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق کراوە بۆ ئەو وڵاتە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی نوسینگەی مستەفا کازمی، باڵیۆزی روسیا رایگەیاندووە، کە ئەوان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا پاڵپشتی عێراق دەکەن.

لای خۆشییەوە، سەرۆک وەزیرانە نوێکەی عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، بە سەردانکردنی مۆسکۆ دڵخۆش دەبێت و رۆڵی روسیا لە سەقامگیری ناوچەکەشدا بەرزدەنرخێنن.

رۆژی ٧ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق کابینەکەی کازمی پەسەندکرد و بەوەش، دوای چەندین مانگ لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، سەرۆک وەزیرانی نوێ دیاریکرا.