سەردێڕ:

ترەمپ هەڕەشەی بڕینی سەرجەم پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا دەکات

فۆتۆ: 
2020-05-15

5229 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی تەواوی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چیندا دەکات و دەڵێت، لە ئێستادا نایەوێت قسە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەدا بکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ شین چینپینگی سەرۆکی چیندا هەیە، بەڵام لە ئێستادا نامەوێت قسەی لەگەڵدا بکەم".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەڵوێستی چین لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بێهیوایکردم".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەدا، کە ئایا رێکارەکانیان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە چین چی دەبێت؟ ترەمپ رایگەیاند، "شتانێکی زۆر هەیە کە دەتوانین ئەنجامی بدەین، وەک بڕینی تەواوی پەیوەندییەکانمان."

پێشتر، ترەمپ رایگەیاند، بەڵگەی بینیوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەکانی شاری وهانەوە گەشەی پێکراوە، لەبەرامبەردا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختیکردەوە، دژی هەر جۆرە بەستنەوەیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنایە بە وڵاتێکی دیاریکراوەوە و هەموو توێژینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن ڤایرۆسەکە سروشتییە.