سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمان: کازمی لەجیاتی ساڵانە پلانی بودجەی مانگانەی هەیە

فۆتۆ: 
2020-05-14

28503 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی نوێ پلانی داناوە لەجیاتی بودجەی ساڵانە، بودجەی مانگانە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دابنێت و ئەو رێژەیەش، بەپێی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت گۆڕانکاری تێدا دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوهام عەقیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق پلانی داناوە، بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا بکات و دەیەوێت لەجیاتی دانانی بودجەی ساڵانە، بودجەی مانگانە دابنێت و بەپێی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت، رێژەی مانگانەکەش دەگۆڕێت.

راشیگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیار لەبارەی چۆنێتی بودجەوە دەدات، کە بە ئەگەری زۆر مانگانە دەبێت، چونکە دابینکردن و دیاریکردنی بودجەی ساڵانە کارێکی قورسە لەکاتێکدا نرخی نەوت زۆر دابەزیوە.

لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، مستەفا کازمی رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ موچەی خانەنشینان نابات و هەوڵدەدات دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەتیش دروستنەکات.

هـ.ب