سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانی: رەنگە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەمیشە لەناوماندا بمێنێتەوە

فۆتۆ: 
2020-05-14

8066 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی رایگەیاند، رەنگە ئەم ڤایرۆسەش وەکو ڤایرۆسەکانی دیکە، ببێتە هەمیشەیی و هەرگیز بە تەواوی بنەبڕنەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مایک رایان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، "گرنگە ئەوە بخەینەڕوو، کە رەنگە ئەم ڤایرۆسەش وەکو ڤایرۆسەکانی دیکە، ببێتە هەمیشەیی و هەرگیز بە تەواوی بنەبڕنەکرێت."

راشیگەیاند، تەنانەت ئەگەر ڤاکسینی کۆرۆناش بدۆزرێتەوە، ئەوا هێشتا هەوڵێکی گەورەی جیهانیی دەوێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. هاوکات، دژی هەر جۆرە پێشبینیکردنێک بۆ وادەی کۆتاییهاتنی پەتاکە وەستایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی ناوبراو جەختیکردەوە، کە ئەگەر وڵاتان پێکەوە کاری بۆ بکەن، ئەوا هێشتا ئەگەری کۆنترۆڵکردنی پەتا جیهانییەکە لە ئارادایە. وتیشی، "ئەوە ئەرکی هەموو کەسێکە."

لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ ڤاکسینی کۆرۆنا لە ژێر تاقیکردنەوەدان و شارەزایانی بوارەکەش، ماوەی ١٢ تاوەکو ١٨ مانگیان بۆ ئامادەکردنی دیاریکردووە.

ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە، ڤایرۆسێک کە پێشتر تێبینی نەکراوە و لە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بە کۆڤید-١٩ ناسێندراوە، بڵاوبووەتەوە. ڤایرۆسەکە تا ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهاندا توشکردووە و هاوکات، لەو ژمارەیەش بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس.