سەردێڕ:

نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران: سزاکانی سەر ئێران دووبارە دەکەینەوە

فۆتۆ: 
2020-05-14

6025 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش سزاکانی سەر ئێران درێژ نەکاتەوە، ئەوا ئەوان وەک ئەمریکا سزاكانی سەر ئەو وڵاتە كارادەکەنەوە.

بریان هۆك نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و هاوکات ڕاوێژکاری سیاسی وەزیری دەرەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵی ئەمریكییدا، باسی لەوە کردوە، سزاكانی سەر ئێران قەدەغەكردنی مامەڵەی چەكیش دەگرێتەوە و لەكاتێكدا ئەنجامدەدرێت ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاری قەدەغەكردنی چەك لەسەر تاران درێژنەكاتەوە.

هۆك جەختیشیكردەوە، بە هەر رێگەیەك بێت ئەمریکا گەرەنتی ئەوە دەكات بڕیاری قەدەغەكردنی چەك بۆ سەر تاران بەردەوامی هەبێت، لە ئێستاشدا وڵاتەكەی رەشنوسی ئەو بڕیارەی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و لەڕووی دێپلۆماسییەوە هەوڵی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ تێپەراندنی بڕیارەكە دەدات.

بە مەبەستی سەرلەنوێ بڕیاردانەوە لە سازاکانی سەر ئێران، ئەو بڕیارەی ئەمریکا پێویستی بە دەنگی نۆ ئەندامی هەمیشەیی و كارا و گرنگی ناو ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت، هەریەك لە روسیا و چین و ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنساش مافی ڤیتۆكردنییان هەیە لەناو ئەو ئەنجومەنەدا.