سەردێڕ:

مالیکی لەبارەی حکومەتەکەی کازمیەوە هەڵوێستى خۆى ڕاگەیاند

فۆتۆ: 
2020-05-13

9320 جار خوێندراوەتەوە

نوری مالیکی ڕایگەیاند، دەوڵەتی یاسا ده‌ستبه‌رداری رۆڵه‌كه‌ی نابێت له‌ پشتیوانیكردنی هه‌ر هه‌نگاوێك، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتدابێت، دەشڵێت، "ئەگەر هەنگاوێک هەڵەنرا و زیانی بۆ هاوڵاتیان هەبوو ئەوا بەرهەڵستی دەکەم".

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ ى ئایارى ٢٠٢٠، نوری مالكی سه‌رۆكی هاوپەیمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند، "هاوپەیمانییەکەم پشتیوانی هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌کات، كه‌ حكومه‌تی عێراق بۆ خزمه‌تگوزاری و پارێزگاریكردن له‌ شکۆ و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت و سه‌پاندنی یاسادا به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی بینێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەوڵەتی یاسا ده‌ستبه‌رداری رۆڵه‌كه‌ی نابێت له‌ پشتیوانیكردنی هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتدابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێک هه‌ڵه‌نرا و زیانی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و هاوڵاتیان و خزمه‌تگوزاری و سه‌روه‌ری وڵات گه‌یاند، ئه‌وا به‌رهه‌ڵستی ده‌كه‌م".

ڕاشیگەیاند، "هیوادەخوازم حكومه‌تی نوێ پابه‌ندی ئه‌و ئه‌ركه‌ی بێت كه‌ بۆی دیاری كراوه‌، کە گرنگترینیان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆی ده‌وڵه‌ت و ئه‌نجامدانی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و پێشوه‌خته‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ئابوورییه‌كان و پێشێلكارییه‌ ئه‌منییه‌كان".

باسی لەوەشکرد، "به‌رهه‌ڵستی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ كاتی متمانه‌دان به‌ حكومه‌تی نوێ له‌سه‌ر میكانیزمی ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیره‌كان و ئه‌و رێگایانه‌ بوو، كه‌ له‌و پرسه‌دا به‌كارهێنران، له‌وانه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چوارچێوه‌ی پشكپشكێنه‌، بۆیه‌ ئێمە به‌شداری له‌ حكومه‌تێكدا ناكەین كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه‌ دابمه‌زرێت، چونكه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر سه‌قامگیری سیاسی ده‌ترسێین".

هاوکات، ده‌وڵه‌تی یاسا یه‌كێك بوو له‌و لایەنانەی کە  بایكۆتی دانیشتنی متمانه‌پێدانیان به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی کرد، چونکە هیچ وەزیرێکیان لەم کابینەیەدا پێنەبەخشرا.

هەفتەی ڕابردوو، پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا بە دەنگی ٢٥٥ پەرلەمانتار لە كۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار، متمانەی بەخشیە ١٥ وەزیری كابینە وەزارییەكەی مستەفا كازمی، بەمشێوەیە حكومەتەكەی کازمی متمانەی پەرلەمانی عێراقى وەرگرت.