سەردێڕ:

ئەنبار.. لە هێرشێکی داعشدا سێ کەس کوژران

فۆتۆ: 
2020-05-13

1887 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی فەلوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار، لە هێرشێکی داعشدا سێ کەس کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "نزیک کاتژمێر ٣ و نیوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی فەلوجەی سەر بە پارزێگای ئەنبار، لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا سێ کەس کوژران و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن".

لەلایەکی دیکەوە، شه‌وى دووشه‌مه‌، له‌ سه‌ر ڕێگای خانەقین لە‌ بۆسه‌یەکی گروپێكى چه‌كداردا‌، دوو هاوسەر کوژران و شەوێک پێشتریش هێرشكرايه‌ سه‌ر گوندى مێخاس لە خانەقین و دوو هاوڵاتى كه‌ يه‌كێكيان ئه‌نجومه‌نى گونده‌كه‌ بوو كوژران.

هاوکات، له‌ سنوورى قه‌زاى دوزخورماتووش توندوتيژييه‌كان به‌رده‌وامن و لە چەند ڕۆژی رابردوودا له‌ نزيك سلێمانبه‌گ جوتيارێك ڕفێنرا، له‌ ناوه‌ندى قه‌زاى دووزخورماتووش پاسه‌وانى مزگه‌وتێك كه‌ ته‌مه‌نى 63 ساڵه‌و خاوه‌نى دوو منداڵه‌ له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌يدا بۆ ماڵه‌وه‌ كوژرا.

هەر دوێنێش سێشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەکردبوو، کە لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە خانەقین دوو جوتیار کوژراون.

ماوەیەکە جموجوڵی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا زیادیکردووە و لە ڕۆژانی رابردووشدا لە گوندێکی دیکەی سەر بە خانەقین دوو جوتیار کوژران و سەرجەم دەغڵودانەکەشیان سوتێنرا، شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەدا دەگەڕێننەوە.