سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو ژن و پیاوەى لە گوندێکی سنوری خانەقین کوژران

فۆتۆ: 
2020-05-13

12929 جار خوێندراوەتەوە

نوور زه‌هرا مناڵێكى ته‌مه‌ن دوو ساڵه ‌و يادگارييه‌كى به‌جێماوى ئه‌و توندوتيژييانه‌يه‌ كه‌ قوربانييه‌كانى كوردن لەدەست گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سنورى دياله.

شه‌وى دووشه‌مه‌ له‌ سه‌ر ڕێگای خانەقین عه‌لى فه‌رمان و ژن و منداڵه‌ دوو ساڵه‌كه‌ى كه‌وتنه‌ بۆسه‌ى گروپێكى چه‌كداره‌وه‌، ئه‌و كه‌ پێشمه‌رگه‌بووه ‌‌و تازه‌ له‌ ئه‌رك گه‌ڕابووه‌وه‌، به‌ نيازى كڕينى جلى جه‌ژن بووە بۆ هاوسه‌ر و منداڵه‌كه‌ى له‌ گوندى ته‌فره‌قه‌وه‌ چووبوونه‌ بازاڕی خانه‌قين، له‌ كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ياندا كه‌وتنه‌ بۆسه‌ى ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌وه‌، خۆى و خێزانه‌كه‌ى كوژران و منداڵه‌ دوو ساڵه‌كه‌يان بۆ هه‌ميشه‌ بێ نازى دايك و باوك مايه‌وه‌.

دانيشتووانى گونده‌كه‌ پێشتر چه‌كداره‌كانيان بينيوه‌ کە ته‌قه‌يان له‌ خه‌ڵك كردووه‌، به‌ڵام ڕزگار بوون و دواتر دانيشتووانى گونده‌كه‌ به‌ چه‌كه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوويان بوونه‌ته‌وه‌، هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبيش دواى ته‌واو بوونى شه‌ڕی نێوان دانيشتووانى گوند و چه‌كداره‌كان، چوونه‌ته‌ شوێنى ڕووداوه‌كه‌ به‌ پێكه‌نينه‌وه‌ وێنه‌ى يادگارييان له‌گه‌ڵ منداڵه‌ دايك و باوك كوژراوه‌كه‌دا گرت.

ئەوە لە کاتێکدایە، خانه‌قين دوو ڕۆژى خوێناوى به‌ڕێكرد، کە شەوێک پێشتریش هێرشكرايه‌ سه‌ر گوندى مێخاس و دوو هاوڵاتى كه‌ يه‌كێكيان ئه‌نجومه‌نى گونده‌كه‌ بوو كوژران، دواتريش له‌ هه‌مان شوێن بۆمبێكى چێنراو به‌ ڕانه‌مه‌ڕێك ته‌قیيه‌وه،‌ به‌ڵام زيانى گيانى نه‌بوو، ئێواره‌ى دوو شه‌مه‌ش عه‌لى فه‌رمان و خێزانه‌كه‌ى بوون به‌ دواين قوربانى ده‌ستى گورپه‌ توندڕه‌وه‌كانى ناوچه‌كه‌، له‌ سنوورى قه‌زاى دوزخورماتووش توندوتيژييه‌كان به‌رده‌وامن له‌ نزيك سلێمانبه‌گ جوتيارێك ڕفێنرا، له‌ ناوه‌ندى قه‌زاى دووزخورماتووش پاسه‌وانى مزگه‌وتێك كه‌ ته‌مه‌نى 63 ساڵه‌و خاوه‌نى دوو منداڵه‌ له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌يدا بۆ ماڵه‌وه‌ كوژرا.