سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-05-12

42515 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى ئەنجامدا و تیایدا چەند بڕیارێکى پەیوەندیدار بە چاکسازى دارایی و کارگێڕى و بودجەى گشتیی دەرکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا کۆمەڵێک بڕیاری نوێ دەرکرا، دەقی بڕیارەکان:

١-حکومەتى عێراق بڕیاریدا پەلەبکات لە ئامادەکردنى پرۆژەى بودجەى گشتى بەو شێوەیەى لەگەڵ پێداویستیەکانى دۆخى دارایی ئێستا و نزمبوونەوەى نرخى نەوتدا دەگونجێت، لەگەڵ کارکردن لەسەر هەمەچەشنەکردنى سەرچاوەکانى داهات.

٢- دووبارە پێداچوونەوەى پرۆژە یاساکانى بەگژاچوونەوەى گەندەڵی، بەشێوەیەک رێوشێونەکان کاریگەرتربکات و رۆڵى دامەزراوە پەیوەندیدارەکان پەرەپێبدات، لەوانەش دەستەى دەستپاکى و دیوانى چاودێرى دارایی ناوەند، بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەمنیدارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران.

٣-هاندانى وەزارەتى نەوت بۆ پەلەکردن لە گەڵاڵەکردنى یاساى نەوت و غاز.

٤-وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى پلاندانان و وەزارەتى دارایی هەڵدەستێت بە پێداچوونەوە بە فراوانکردنى رێژەى ئەو کەسانەى یاساى پاراستنى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە، بە پشتبەستن بە داتاکانى هەژاریی و توێژینەوەى کۆمەڵایەتى پێشکەشکردنى لێکۆڵینەوەکە لە ماوەى مانگێکدا.

٥-پێکهێنانى شانەى لەناکاو بۆ چاکسازى دارایی و پێکهێنانى شانەیەک بۆ بەرێوەبردنى بارودۆخى دارایی لەژێڕ رۆشنایی قەیرانى دارایی ئێستا و دانانى چارەسەرى پێویست و بۆ بەدیهێنانى چاکسازى دارایی و باشترکردنى کارى دامەزراوە دارایییەکان.

پاش دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، مستەفا کازمی سێیەم کاندید بوو بۆ ئەو پۆستە، کە هەفتەی رابردوو متمانە بە پێکهێنانی کابینەکەی بەخشرا و لە ئێستاشدا لە هەوڵدایە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و بەدیهێنانی داواکاری خۆپیشاندەرانی عێراق.