سەردێڕ:

عێراق.. لە دوو هێرشدا چوار سەرباز و چەکداری حەشدی شەعبی کوژران

فۆتۆ: 
2020-05-12

1667 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، کە لە ئاکامی دوو کردەی جیا لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە، دوو سەرباز و دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.

ئەمڕۆ سێشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی سوپای عێراق لەسەر رێگای قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و لە ئاکامدا، دوو سەرباز کوژراون و دووی دیکەیش برینداربوون.

ئەوەش هاتووە، لەلایەکی دیکەوە بۆمبێکی چێنراو لە گوندی مەخایس سەر بە قەزای خانەقین لە باکوری پارێزگای دیالە بە کاروانیکی چەکدارانی حەشدی شەعبیدا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەکردبوو، کە لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە خانەقین دوو جوتیار کوژراون.

ماوەیەکە جموجوڵی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا زیادیکردووە و لە ڕۆژانی رابردووشدا لە گوندێکی دیکەی سەر بە خانەقین دوو جوتیار کوژران و سەرجەم دەغڵودانەکەشیان سوتێنرا، شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێننەوە لەو ناوچانەدا.

هـ.ئـ