سەردێڕ:

کازمی و وەزیری دارایی عێراق پرسی موچەی هەرێم تاوتوێ دەکەن

فۆتۆ: 
2020-05-12

27592 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەدان و پرسی موچە و کێشەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.

ئومێد محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لەگەڵ عەلی عەلاوی، وەزیری داراییدا لە کۆبونەوەدان و پێکەوە کۆی ئەو کۆبونەوانە تاوتوێ دەکەن کە شاندەکەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا ئەنجامی داوە."

راشیگەیاند، بەپێی زانیارییەکان، مستەفا کازمی و عەلاوی پێشنیازەکانی ھەرێم بۆ بەغدا و چۆنێتی چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تاوتوێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی کۆبوونەوەکانی شاندەکەی ھەرێم و شاندەکەی حکومەتی ڕابردوو بە ڕاپۆرتێک دراوە بە موستەفا کازمی و وابڕیارە بە زووی هەڵوێست و بڕیاری خۆیی لەبارەوە بدات.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "شاندی هەرێم و بەغدا لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامەكانیان كردووەتە راسپاردە و داویانەتە سەرۆكوەزیرانی تازە، بۆ ئەوەی بڕیاری لێبدات، بەپێی پێشبینیی ئێمەش، كازمی بڕیاری ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات".

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەڕمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە ماوەی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد.

هـ.ب