سەردێڕ:

کازمی شەش وەزارەتی کابینەکەی بە وەکالەت پڕکردەوە

فۆتۆ: 
2020-05-12

3288 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە کۆی حەوت وەزارەت، شەشیانی بە وەکالەتی وەزیرەکانی دیکەی کابینەکەی پڕکردەوە و ئەوەش بەشێوەیەکی کاتیی و تا دیاریکردنی وەزیرەکانی ئەو وەزارەتانە دەبێت.

لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بەم جۆرە شەش وەزارەتەکەی پڕکردووەتەوە:

یەکەم: عەدنان درجال، وەزیری گەنجان و وەرزش بە وەکالەت وەزارەتی ڕۆشنبیری بەڕێوەدەبات.

دووەم: ناسر حەسەن، وەزیری گواستنەوە بە وەکالەت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەڕێوەدەبات.

سێیەم: نەبیل کازم، وەزیری خوێندنی باڵا بە وەکالەت وەزارەتی داد بەڕێوەدەبات.

چوارەم: عەلی حەمید، وەزیری پەروەردە بە وەکالەت وەزارەتی بازرگانی بەڕێوەدەبات.

پێنجەم: عەلی حەیدەر، وەزیری دارایی بە وەکالەت وەزارەتی نەوت بەڕێوەدەبات.

شەشەم: کازمی خۆی وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەدەبات، بەڵام دەسەڵاتەکانی داوە بە عەبدولکەیم هاشم، بریکاری وەزارەتەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی حەوتەم، کە وەزارەتی کشتوکاڵە، تا ئێستا نە وەزیری نوێی بۆ دیاریکراوە و نە وەکیل، بەڵکو لە ئێستادا، لەلایەن بریکار و بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەوە بەڕێوەدەبرێت.

رۆژی ٧ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە ١٥ وەزیری کابینەکەی مستەفا کازمی دا و حەوت وەزیریش رەتکرانەوە و هێشتا کورسییەکانیان بە بەتاڵی ماوەتەوە.

 

ئومێد محەمەد، بەغدا