سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق: موچەی فەرمانبەران لە کارە پێشینەکانمانە

فۆتۆ: 
2020-05-12

55825 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، موچەی فەرمانبەران لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتە و پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بەرزببێتەوە و دۆخی ئابوری جێگیرببێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، "ئەم حکومەتە بە باشی روبەروی ئاستەنگ و قەیرانەکان دەبێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "چاکسازی لە دام و دەزگاکانی دەوڵەت پێویستی بە گۆڕانکاری لە جوڵەی ئابوریدا هەیە".

باسی لەوەشکرد، "لە ئێستادا دۆخی جیهان سەختە و کاریگەی کردووەتە سەر جموجوڵە ئابوریەکانیش"، دەشڵێت،"پێشبینیدەکەم بەمزوانە نرخی نەوت بەرزببێتەوە و لە چەند مانگی داهاتوودا لە سەرانسەری جیهاندا دۆخی دارایی و ئابوری جێگیربێت".

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "تاوەکو وەزیرێکی نوێ بۆ وەزارەتی نەوت هەڵدەبژێردرێت، وەزیری دارایی کارەکانی وەزارەتی نەوتیش بەڕێوەدەبات".

پەرلەمانی عێراق لە رۆژی ٧ی ئەم مانگەدا، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، کە یەکێک بوو لە کاندیدەکانی مستەفا کازمی، بە وەزیری دارایی وڵاتەکە پەسەندکرد.