سەردێڕ:

وێنە.. لە مەخمور ئاگر لە دەغڵودانی جوتیاران کەوتووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-05-11

2417 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگر لە دەغڵودانی جوتیاران لە چیای قەرەچوغی مەخمور کەوتووەتەوە و هێشتا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، رێبوار کاکەیی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە مەخمور رایگەیاند، "لە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگر لە دەغڵودانی جوتیاران لە چیای قەرەچوغی سنوری مەخمور کەوتووەتەوە و بە وتەی دانیشتووانی ناوچەکەش، داعش ئاگرەکەی کردووەتەوە".

باسی لەوەشکرد، "هەر بە وتەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە سەرەتادا چەند چەکدارێکی داعش تەقەیان کردووە و دواتریش ئەو ئاگرەیان کردووەتەوە"، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا ئاگرەکە لە تەشەنە سەندندایە و هێشتا کۆنتڕۆڵنەکراوە، بەهۆی مەترسی بوونی داعشیش لەو ناوچەیە تیمەکانی بەرگری شارستانی ناتوانن زۆر نزیکی ئاگرەکە بکەونەوە".

لەلایەکی دیکەوە بە وتەی چالاکوانێکی ئەو سنورە، "ماوەی چەند رۆژێکە جموجوڵی داعش لەو ناوچانە و بەتایبەتیش نزیک چیای قەرەجوغ زۆر بووە".

هەر لە ١٠ی ئەم مانگەشدا لە هەریەک لە ناوچەی نێوان گوندی زینانە و گوندی موسڵبەگی سەر بە خانەقین ئاگر لە دەغڵودانی جوتیاران کەتووەتەوە.

هـ.ئـ