سەردێڕ:

عێراق.. چوار ئەندامی رێکخراوێکی نزیک لە ئێران دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-05-11

4340 جار خوێندراوەتەوە

ئەفسەرێکی سوپای عێراق رایگەیاند، دوای کوژرانی خۆپیشاندەرێک و برینداربوونی پێنجی دیکە لە بەسڕە، چوار ئەندامی رێکخراوی سەئروڵڵا نزیک لە ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد خەلەف ئەفسەر لە سوپای عێراق رایگەیاند، "دوای کوژرانی خۆپیشاندەرێک و برینداربوونی پێنجی دیکە لە شاری بەسڕەی باشوری عێراق، چوار ئەندامی رێکخراوی سەئروڵڵا نزیک لە ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ڕێی هێزێکی ئەمنییەوە هێرشمان کردە سەر بارەگای رێکخراوی سەئروڵڵا لە بەسڕە و چوار ئەندامی ئەو رێکخراوەمان دەستگیرکرد".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو چوار ئەندامەی رێکخراوی سەئروڵڵا دوای ئەوە دەستگیرکران کە دوێنێ یەکشەممە پاسەوانانی بارەگای ئەو رێکخراوە، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردبوو و بەهۆیەوە، خۆپیشاندەرێک کوژراوە و پێنجی دیکەیش برینداربوون".

لەو بارەیەشەوە هێشتا رێکخراوی سەئروڵڵا هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە.

بارەگای سەرەکی رێکخراوی سەئروڵڵا لە شاری بەسڕەیە و یوسف موسەوی سەرۆکایەتی دەکات و بە رێکخراوێکی نزیک لە ئێران دادەندرێت.

لە دوێنێ یەکشەممەوە، لە شاری بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، خۆپیشاندەران دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربرین و خۆپیشاندان کردووەتەوە دژبە پارتە دەسەڵاتدارەكان.

هـ.ئـ