سەردێڕ:

کۆرۆنا ژینگەی زەوی بۆ چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا گەڕاندووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-05-11

9027 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر ڤايرۆسی کۆرۆنا زيانی مرۆیی و ئابوری بە وڵاتانی جيهان گەياندبێت ئەوا سودی بە تەمەنی زەوی و ژينگەی مرۆڤايەتیش گەياندووە.

بەپێی توێژينەوە و چاودێرييەکانی ناوەندی کۆپەرنیکۆس بۆ روانینی بەرگە هەوای زەوی کە سەر بە یەکێتی ئەوروپايە، ژينگەی زەوی گەڕاوەتەوە سەر ئەو بارەی چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا لەسەری بووە.

ڕێکارييەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جيهاندا بە تايبەت ئەو ناوچانەی زۆرترين ژينگە پيسبونيان تێدايە، بوەتەهۆی ئەوەی لە ئەمساڵدا بە ڕێژەی لەسەدا ٩٠ پيسبوونی ژينگە کەم ببێتەوە.

هەر بەپێی توێژينەوەکانی ناوەندەکە ئەم کاريگەرييە بەجۆرێکە گەورەترین کونی ئۆزۆن کە يەک مليۆن کيلۆمەتر چوارگۆشەيە لە جەمسەری بەستەڵەکی باکور بەتەواوەتی پڕبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەرگە هەوای زەوی و چينی ئەتمۆسفيری تێ کەوتووە.

ئەم کونە لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵدا لەلايەن زانايانی بواری گۆڕانکارييەکانی کەشوهەواوە دۆزرايەوە.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەش کردووە کاريگەری وەستاندنی جموجۆڵەکانی ژيان لەسەر گۆی زەوی بەسەر گۆڕانکارييەکانی پلەی گەرمادا لە چەند مانگی داهاتودا دەردەکەوێت و پێدەچێت هاوينی ئەمساڵ دوا بخات.

هاوکات، بەپێی ئەنجامی توێژينەوەکانی ناوەندە زانستييە جيهانييەکان گرتنەبەری ڕێکارييەکان کاريگەری کردووەتە سەر هێواشبونەوەی توانەوەی شاخە بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکور، بەڵام ديار نييە کاريگەری ئەم توانەوەيە تاکو کەی بەردەوام دەبێت.

جەمسەری باکور کە تەواوی ڕوبەرەکەی سەهۆڵە لەم دواييانەدا بەشێوەيەکی خێرا بەرەو توانەوە و کەمبونەوە دەچوو، بەڵام ئەم گۆڕانکارييە ژينگەييە بەڕونی کاريگەری کردوەتە سەر ژينگەی ئەو ناوچەيە و کەش و هەوای جەمسەرەکەی بە ساردی هێشتووەتەوە.

ئەو گۆڕانکارييە بەرچاوانەی لە کەش و هەوا و ژينگە پيسبوندا بەديدەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ گرتنەربەری ڕێکارەکانی  قەدەغەی هاتوچۆ بە نزيکەیی لە تەواوی جيهاندا بۆ ڕێگريکردن لە بڵاوبونەوەی ڤايرۆسی کۆرۆنا، هەروەها وەستاندنی کارکردنی کارگەکان کە بە يەکێک لە سەرەکيترين هۆکارەکانی پيسبونی ژينگە دادەنرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەستاندنی بەشێک لە گەشتە ئاسمانييەکان و سنوردارکردنی هاتوچۆی هۆکارەکانی گواستنەوە و کەمبونەوەی ژاوەژاو، کاريگەری بەرچاوی کردووەتە سەر گۆڕانکارييە ژينگەييەکان.