سەردێڕ:

بەغدا.. لێکۆڵینەوە لە وەزیرێکی حکومەتی پێشوو دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-05-10

7791 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند، وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتی پێشوو، لەسەر زانیاریەک کە بڵاوی کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی رایگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە هاتووە، "دادگای لیکۆڵینەوەی کەرخ بڕیاریداوە بەوەی ساڵح حەسەنی وەزیری کشوکاڵ لە حکومەتی پێشوو بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت بکات، ئەویش لەسەر ئەوەی کە لە دیمانەیەکی لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکاندا، زانیاری ناڕاستی خستووەتەڕوو".

هاوکات، هێشتا وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتی پێشوو، هیچ روونکردنەوەیەکی لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمەش داوی ئەوە دێت دوو رۆژ لەمەوبەر، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ئەرکەکەی رادەستی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کرد.

هەفتەی رابردوو ساڵح حەسەنی لە لێدوانێکدا بۆ یەکێک لە کەناڵەکان ئاشکرای کردبوو کە بە بەهای ٩٠ ملیۆن دۆڵار بەروبومەکانی نوبەگ و سیر هاوردەکراون و باسی لەوەشکردبوو کە فشار هەیە بۆ ئەوەی سنوورەکان بە ئامانجی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ناپێویست بکرێنەوە.