سەردێڕ:

وێنەیەکی دەگمەنی هەسارەی ژوپیتێر بڵاوکرایەوە

فۆتۆ: 
2020-05-09

9854 جار خوێندراوەتەوە

گەردوونناسان وێنەیەکی دەگمەنی هەسارەی ژوپیتێریان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بە هەوڵێکی زۆر توانیویانە وێنەکە بچرکێنن.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، گەردونناسانی دامەزراوەی تێلسکۆبی Gemini North رایانگەیاندووە، وێنەکە بە یەکجار نەچرکێندراوە، بەڵکو تێهەڵکێشی سەدان وێنەی دیکەیە کە ساتی تەقینەوەی گازە جیاوازەکانی سەر رووی هەسارەکەیان تۆمارکردووە.

ئاماژەشیان بەوەکردووە، بۆ تەواوکردنی وێنەکە تەکنیکێکیان بەکارهێناوە کە پێیدەوترێت "وێنەگرتنی بە بەخت" و ئەوەش، واتە دوای ماندووبونێکی زۆر و تێهەڵکێشانی وێنەجیاوازەکان، وێنەیەکی کۆتایی دەگمەنت دەستبکەوێت.

هەسارەی ژوپیتێر ئەگەرچی هەسارەی پێنجەمی خولگەی خۆرە و زیاتر لە خۆر دوورترە وەک لەوەی زەوی لە خۆر دوورە، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەی کۆمەڵە گازی جیاوازی زەبەلاح، پلەی گەرمییەکەی هەمیشە لەسەرو ١٠٠ پلەی سیلیزیییەوەیە و بە جێگیری لە نزیکی ١٤٥ پلەی سیلیزیدایە.

چەند زانیارییەکی کورت لەسەر هەسارەی ژوپیتێر:

-ژوپیتێر ١١ هێندەی زەوی پانە و ٣٠٠ هێندەی زەویش گەورەیە.

- بۆ ئەوەی یەکجار بە دەوری خۆردا بسوڕێتەوە، ژوپیتێر ١٢ ساڵی سەرزەوی پێویستە.

- یەک رۆژی سەر ژوپیتێر بریتییە لە ١٠ کاتژمێری سەرزەوی.

- وادەردەکەوێت ئەستێرە بێت، بەڵام ئەو درەوشانەوەیە تەقینەوەی گازەکانی هایدرۆجین و هیلیۆمن لەسەر رووی هەسارەکە.

- ئەو خاڵە سورباوەی خوارەوە کە لەسەر هەسارەی ژوپیتێر دەردەکەوێت بریتییە لە باهۆزێکی زەبەلاحی گازیی کە لە زەوی گەورەترە.

- گریکییە کۆنەکان، وشەی ژوپیتێریان بۆ خودای رووناکی بەکاردەهێنا.