سەردێڕ:

بۆچی بەشێک لە باڵەخانەکانی بەریتانیا پەنجەرەی بە خشت هەڵچنراویان هەیە

فۆتۆ: 
2020-05-08

112005 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر گەڕانێک بەناو بەریتانیادا بکەیت و بێگومان سەرنجت دەچێتە سەر بەشێک لە باڵەخانەکان، بە تایبەت کۆنەکانیان، و دەبینیت کە پەنجەرەیان هەیە بە خشت هەڵچنراوە، هۆکاری ئەمە چییە؟ ئەگەر پەنجەرەکە ناکەنەوە بۆچی لە سەرەتاوە شوێنەکەیان بۆ دروستکردووە؟

سەردەمێک بەسەر بەریتانیادا هات کە تیایدا دروستکردنی پەنجەرە لە باڵەخانەکاندا پارەیەکی زۆری تێدەچوو، ئەم سەردەمەش بە ساڵی ١٦٩٦ دەستیپێکرد، کە تیایدا یاسای سەپاندنی باج پەسەندکرا.

بەپێی یاساکە هاوڵاتیان دەبوو بەپێی ژمارەی پەنجەرەی باڵەخانەکانیان بڕێک پارە بدەن بە دەوڵەت، تاکو ژمارەی پەنجەرەکانیش زیاتر بووایە پارەکە زیاتر دەبوو، دەوڵەت ئەم باجەی بە ڕێگایەکی شیاو دەزانی بۆ ئەوەی پارەیەکی زۆرتر لە دەوڵەمەندەکان بکشێنێتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە باڵەخانەی دەوڵەمەندەکان گەورەترە و پەنجەرەی زۆرتر تێدایە، بۆیە ئەوان پارەی زۆرتر دەدەن بە بەراورد بە هەژارەکان.

ئەوەی چاوەڕوانکراو بوو ئەوە بوو، کە یاساکە زۆر سەرکەوتوو نەبوو، چونکە خەڵکی چەندین ڕێگای جیاوازیان بۆ خۆ دزینەوە لەم باجە دەگرتەبەر، بەشێک لە خاوەن باڵەخانەکان پەنجەرەکانیان بە خشت هەڵدەچنی، هەندێکی دیکەیان سەرەڕای وەرگرتنی کرێ لە کرێچییە هەژارەکانیان، پارەی پەنجەرەکانیشیان لێوەردەگرتن، بەمەش ئەرکی هەژاران قورستر دەبوو.

ئەم یاسایە چەندین کێشەی دیکەی هەبوو، بۆ نموونە "چییەتیی" پەنجەرەی بە تەواوی تێدا نەچەسپێنرابوو، کەس نەیدەزانی، بە دیاریکراوی پەنجەرە چییە، کاربەدەستانی دەوڵەت باجیان تەنانەت لە کونێکی بچوکی دیوار یان کۆگاکانیش وەردەگرت کە بۆ هەواگۆڕکێ دروستکرابوون، ئەمەش ناڕەزایی بەشێکی زۆری خەڵکی وڵاتەکەی لێکەوتەوە.

یەکێک لەو کەسانەی بێزاریی خۆی لەم یاسایە دەربڕی، چارڵس دیکنز نووسەری بەناوبانگی ئینگلیز بوو، ساڵی ١٨٦٠ لە گۆڤاری "Household"دا نووسی، "دەربڕینی 'وەک هەوا بێبەرامبەر' لە وڵاتی ئێمەدا کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە، بەهۆی کارەکانی پەرلەمانەوە، دوای سەپاندنی یاسای باجی پەنجەرەکان ئیدی نە هەوا و نە ڕووناکی بێبەرامبەر نین، ئێمە ناچارین نرخی شتانێک بدەین کە سروشت بە دەستکراوەیی و بێبەرامبەر بۆ هەمووانی دابین دەکات، ئەمەش بارێکی قورسە بەسەر شانی هەژارانەوە."