سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی لەبارەی موچەوە دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-05-06

67373 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەمەدا چەند بڕیارێک دراون لەوانەش، موچەی پلە باڵاکان کەمدەکرێتەوە و موچەی بنەڕەتی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوە خەرجدەکرێت و تەنیا موچە بەو کەسانە دەدرێت کە لە داتابەیسی بایۆمەتریدا تۆمارکراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دواى گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، سەبارەت بە کەمکردنەوەى خەرجییەکان، ئەنجومەنى وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە دەقی ئەو بڕیارانەی تایبەتن بە موچە:

١. کەمکردنەوەى موچە و دەڕماڵەى خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى هەرێم و سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنى دادوەریی و ئەنجومەنى پارێزگا لە بوارەکانى خزمەتى شارستانى و سەربازیی و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ و ئاسایشى گشتى و ئەنجومەنى ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن.

٢. خەرجکردنى تەنیا موچەى بنەڕەتى بۆ ئەو پلە تایبەتانەى کە لە بەڕێوەبەرى گشتى بەرەو سەرەوەن و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتى دارایى و ئابورى لە ماوەى ٣٠ رۆژ لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیی چارەنووسى وەزیفیان یەکلایى بکاتەوە.

٣پێویستە وەزارەتى دارایى و ئابورى موچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرجبکات کە تۆمارن لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى و بە فیعلى لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها بڕینى موچەى ئەو کەسانەى کە بە فیعلى خزمەتى وەزیفى ناکەن.

دوێنێ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و تیایدا چەند بڕیارێکیان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی پەسەندکرد.