سەردێڕ:

لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی موچەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-05-04

29731 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی لقی هەولیری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە بانکەکەدایە پارەی بانکی ناوەندی عێراقە، کە سەر بە حکومەتی فیدراڵییە و پەیوەندی بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە نییە، دەشڵێت، "کەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی فەرمان بدات بە پێدانی ئەو پارەیە بە هەرێم، ئەوکات دەتوانین رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی بکەین".

کازم نامیق بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی عێراقی لە هەولێر رایگەیاند، "دەربارەی ئەو هەواڵانەی کە گوایا چەند بڕە پارەیەک هاتووەتە سەر حیسابی بانکی هەرێم، بە پێویستمان زانی رایبگەیەنین بانکی ناوەندی عێراقی/ لقی هەرێمی کوردستان سەر بە بانکی ناوندی عیراقە نەک حکومەتی هەرێم و ئەو پارەیەی لە بانکەکەدایە پارەی بانکی ناوەندی عێراقیە، کەسەر بە حکومەتی فیدراڵییە و هیچ پەیوەندییەکی بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە نییە"، دەشڵێت، "ئێمە سەرپەرشتی تەمویلکردنی پارەی بانکی ناوەندی عێراقی/ لقی موسڵیش دەکەین ".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "هەر کاتێک وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمان بدات بە بانکی ناوەندی عێراقی، ئەوکات دەتوانین ئە و بڕە پارەیە رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بانکی هەرێم نەماوە و بووەتە بانکی ناوەندی عێراقی/ لقی هەرێمی کوردستان".

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، زانیارییان هەیە لەبارەی ئەوەی نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینار هاتووەتە نێو بانکی ناوەندی عێراقی لە هەرێم و بەوەش کۆی گشتی پارەی بانکەکە بووەتە ٩٠٠ ملیار دینار، کە بەشی موچەی مانگێکی موچەخۆران دەکات.