سەردێڕ:

سبەینێ موچەی ئەم وەزارەتە دابەشدەکرێت

وەزارەتی دارایی: سبەینێ موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت
فۆتۆ: 
2020-05-03

228502 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، سبەینێ دووشەممە، ٤ی ئایاری ٢٠٢٠، موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، دابەشکردنی موچە دەستپێدەکاتەوە و سبەینێ دووشەممە، موچەی وەزارەتی تەندروستیی دابەشدەکرێت و دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت.

دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە، دوێنێ، حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەپێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستدایە، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، وەزارەتی دارایی بڕێک پارەی لەبەردەستدایە و بەشی چەند وەزارەتێک دەکات، بەڵام بەهۆی نەهاتنی پارە لە بەغداوە رایگرتبوو و دابەشی نەدەکرد.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەڕمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدا کرد و بڕیاریشە ئەمڕۆ شاندێکی دیکەی تەکنیکی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە.

ئەو موچەیەی دابەشدەکرێت، موچەی مانگی یەکی ئەمساڵە و فەرمانبەرانیش زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە.

ئەحمەد مستەفا، هەولێر