سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی پێشنیازێکی وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی موچە ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-05-02

141680 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەنەوە و سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، پێشنیازیان کردووە، لە ئەگەری نەناردنی پارە لە بەغداوە بڕی ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار دینار بدرێتە هەر فەرمانبەرێک.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ ئەم دۆخەی ئێستا پێشنیازیان کردووە ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە راگرتنی پارەی موچەی فەرمانبەران ئەوا ئەو برە پارەیەی لە بەردەستیاندایە دابەشی بکەن و بۆ هەر فەرمانبەرانێک ٢٠٠ تا ٢٥٠ هەزار دینار دابەشبکەن.

ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، پێشنیازمان کردووە ئەو بڕە پارەیە ئەگەر وەک موچەش نەبێت وەک هاوکارییەکی فەرمانبەران پێش جەژن دابەشبکرێت.

ئەو سەرچاوەیەی ئێن ئاڕ تی دەشڵێت، تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانن و وەڵامی ئەو پێشنیازەیان نەدراوەتەوە.

هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، وەزارەتی دارایی بڕێک پارەی لەبەردەستدایە و بەشی چەند وەزارەتێک دەکات، بەڵام بەهۆی نەهاتنی پارە لە بەغداوە رایگرتووە و دابەشی نەکردووە.

هەر ئەمڕۆش، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کاتێک بۆ دابەشکردنی موچە رابگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، دوای سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوەی بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا بڕیاری خەرجکردن و پێدانی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەداوە و سورە لەسەر راگرتن و بلۆکردنی ئەو پارەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی دانراوە.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەڕمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدا کرد و بڕیاریشە سبەینێ شاندێکی دیکەی تەکنیکی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە.

تاوەکو ئێستا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی دابەشنەکردووە و فەرمانبەرانیش زیاتر لە ٥٠ رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە.

هێرش قادر، هەولێر