سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم: دابەشکردنی موچە دەستپێدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-05-02

155087 جار خوێندراوەتەوە

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کاتێک بۆ دابەشکردنەوەی رابگەیەنن.

ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیاندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە، دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت و بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزاری حکومەتن، رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی دەستپێبکات."

ئاماژەی بەوەشكردووە، "سەبارەت بەو داواکارییانەی کە ئێستا لە بارەی لامەرکەزی ئیداریی لە ئارادان، لایەنە بەشدارەکانی حکومەت جەختیان لەوەکردووەتەوە پرسی لامەرکەزی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی حکومەت، بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و جەختیشکرایەوە لە یەکپارچەیی کیانی هەرێم و دژایەتی هەرجۆرە هەوڵێک بۆ دوو ئیدارەیی."

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابردووشدا شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە بەغدا بوون و بڕیاریشە سبەینێ شاندێکی دیکەی تەکنیکی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە.

هـ.ئـ