سەردێڕ:

لەکاتی بەڕۆژووبووندا چی بەسەر جگەری مرۆڤدا دێت؟

فۆتۆ: 
2020-04-28

10345 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی ئەڵمانی ئاشکرایانکردووە، رۆژووگرتن سوود بە تەندروستی ئەو کەسانە دەگەیەنێت کە دوچاری نەخۆشی چەوری جگەربوون.

رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی نوسیویەتی، ئادەم رۆز لە ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجە لە ئەڵمانیا رایگەیاندووە، "رۆژووگرتن سوود بە تەندروستی ئەو کەسانە دەگەیەنێت کە نەخۆشی چەوری جگەریان هەیە، هەروەها سوود بە نەخۆشی قەڵەوی دەگەیەنێت، ئەوەش بە کاریگەری خستنە سەر کارلێکە کیمیاییەکانی جەستە".

ئەو پزیشکە وتوویەتی، "زانایان بۆ یەکەمجار لێکۆڵینەوەیان لەسەر بۆماوەیی خانەکانی جگەر کردووە لەکاتی بەڕۆژووبووندا و دەرکەوتووە بە ڕۆژووبوون کاردەکاتە سەر یەکێک لە جینەکان کە ناوە زانستییەکەی پڕۆتینی (جی ئەی دی دی ٤٥ بێتا)یە، ئەو جینەش کاریگەری لەسەر دابەشبوونی پرۆتینەکان هەیە، ئەوەش هۆکارە بۆ دروستبوونی نەخۆشییە بۆماوەییەکانی جگەر".

راشیگەیاندووە، زانایان پێیان وایە، ڕێژەی شەکری خوێن، هەروەها ڕێژەی چەوری لە جگەردا بەهۆی ئەم پڕۆتینەوە کەمدەبێتەوە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی نوسیوە، توێژەران کۆکن لەسەر ئەوەی بەڕۆژووبوون کارگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، ئەگەرچی زیان بە هەندێک کەس دەگەیەنێت کە جەستەیەکی تەندروستیان نیە.

س.س