سەردێڕ:

ئەنجامی تاقیکردنەوەی دەرمانێکی کۆرۆنا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-04-25

20916 جار خوێندراوەتەوە

توێژەرانی چینی ئاشکرایانکرد، دەرمانی رێمدێسیڤیر هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر توشبووانی کۆرۆنا نیە و ناتوانرێت وەک چارەسەر بەکاربهێنرێت.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، تاقیکردنەوەیەکی توێژەرانی چینی لەسەر دەرمانی رێمدێسیڤیر شکستی هێناوە لەکاتێکدا پێشتر ئومێدێک هەبوو ئەو دەرمانە بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکاربهێنرێت.

رێکخراوی تەندروستی جیهانیش رایگەیاندووە، ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە دەرمانەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە بارودۆخیان بەرەو باشتر نەچووە.

تەندروستی جیهانی وردەکاری تاقیکردنەوەکەشی بڵاوکردەوە کە لە کۆی ٢٣٧ توشبووی کۆرۆنا، دەرمانی رێمدێسیڤیر بە ١٥٨ کەسیان دراوە، هەروەها ٧٩ کەسی دیکەش دەرمانی دڵخۆشکەر placebo یان پێدراوە.

ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە، ١٣.٩ی ئەو توشبووانەی کۆرۆنا کە دەرمانی رێمدێسیڤیریان لەسەر تاقیکراوەتەوە گیانیان لەدەستداوە، کە ئەو ڕێژەیە بەرزتربووە لەو توشبووانەی کە دەرمانی دڵخۆشکەریان پێدراوە کە ١٢.٨یان گیانیان لەدەستداوە.

بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە، توێژەرانی چینی تاقیگەکەیان راگرتووە.

دەرمانی رێمدێسیڤیر لەلایەن کۆمپانیای گیلێس ساینسسی ئەمریکییەوە دروستکراوە، کە پێشبینی دەکرا بتوانرێت وەک چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا بەکاربهێنرێت.

س.س