سەردێڕ:

ئەمریکا.. دوو پشیلە توشی کۆرۆنا بوون

فۆتۆ: 
2020-04-23

1504 جار خوێندراوەتەوە

دوو پشیلە لە ویلایەتى نیویۆرک توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە ئێستادا کەرەنتینە کراون.

دەزگای کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیـیەکان و چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشیـیەکان لە ئەمەریکا رایگەیاند، پشیلەکان لە دوو ناوچەى جیاوازى ویلایەتى نیویۆرک توشی ڤایرۆسەکە بوون و نیشانەکانى نەخۆشییەکەیان بە سوکى لێدەرکەوتووە.

ئاماژەى بەوەکردووە، دواى ئەوەى لە تاقیگەکانى ڤێرتەرنەرى نیشتمانى، پشکنینى ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆکراوە، پۆزەتیڤ دەرچووە واتە هەڵگرى ڤایرۆسەکەن.

روونیشیکردووەتەوە،  هیچ بەڵگەیەک نیـیە بیسەلمێنێت ئاژەڵی ماڵی نەخۆشی کۆرۆنا دەگوێزنەوە، بەڵام باشترە لە ئێستادا ئەو ئاژەڵانە تێکەڵ بە خەڵکی و ئاژەڵی دیکە نەکرێن و کاتێکیش دەبرێنە دەرەوەی ماڵ باشترە بە لایەنی کەم دوو مەتر دوربن لە خەڵکی و ئاژەڵی دیکە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پـێشتریش لە پاخچەی ئاژەڵانی برۆنکسی نیویۆرک ڕاگەیەندرا حەوت پڵنگى بەور و شێر تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لە دەرەوەی ئەمەریکاش پـشیلە و سەگێک لە چین و پشیلەیەک لە بەلجیکا هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون.

ماوەی زیاتر لە چوار مانگە، ڤایرۆسێک کە پێشتر تێبینی نەکراوە و لە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بە کۆڤید-١٩ ناسێندراوە، بڵاوبووەتەوە. ڤایرۆسەکە تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهاندا توشکردووە و هاوکات، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەسی دیکە.