سەردێڕ:

چەند نیشانەیەکی شاراوەی کەمخوێنی

فۆتۆ: 
2020-04-22

11167 جار خوێندراوەتەوە

هەمیشە نەخۆشییەکان بە چەند نیشانەیەکدا دەناسرێنەوە، پێویستە مرۆڤ لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو نیشانانەدا رێگاکانی چارەسەر بگرێتەبەر.

چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیت دەبێتە هۆی پاراستنت لەزۆر نەخۆشیی، کۆمەڵێک نیشانە هەن کە دەریدەخەن تووشی کەمخوێنی بوویت بەبێ ئەوەی خۆت هەستت پێکردبێت.

لە بابەتێکی تەندروستییدا کە ماڵپەڕی برایت ساد بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، ئەنێمیا کە بە مانای نەخۆشیی کەمخوێنی دێت، بریتیە لەوەی کە جەستە بە پێی پێویست ناتوانێت خڕۆکەی سووری خوێن دروست بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیمۆگڵۆبیینی پێویست دروست نەبێت و ئۆکسجین بەپێی پێویست بۆ بەشەکانی لەش دابیین نەبێیت و لە ئەنجامی ئەمەش خانەکان ناتوانن بە باشی کاربکەن.

لێرەدا کۆمەڵێك لە نیشانەکانی تووشبوون بە کەمخوێنی دەخەینە ڕوو:

وشکبوونەوە و رەقبوون و گۆڕانی رەنگی پێست، کە ئەمەش هەموو پێستی جەستە دەگرێتەوە بە تایبەت ناو دەستەکان و پێستی ناوەکی پێڵوی خوارەوەی چاو.

ناجێگیری لێدانی دڵ، کە ئەمەش بە هۆی کەمیی ماددەی هیمۆگڵۆبینەوەیە کە بە هۆی کەمخوێنییەوە هیمۆگڵۆبینی پێویست دروست نابێت و دڵ بە سەختی کار دەکات و ماندوو دەبێت لەکاتی ناردنی ئۆسجینی پێویست بۆ لەش.

هەستکردن بە ماندووبوون، کاتێك بەهۆی کەم خوێنییەوە بڕی پێویست لە ئۆکسجین بە هەموو بەشەکانی جەستە ناگات، ئەوکات خانەکانی جەستە بە سەختی کار دەکەن بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ جوڵەی مرۆڤ و لە ئەنجامی ئەمەش مرۆڤ هەست بە ماندوبوونێکی زۆر دەکات.

کەمبوونەوی هۆشیاریی و پەیوەندیەکانی مرۆڤ، جەستەی مرۆڤ پێویستی بە ئۆکسجینی تەواو هەیە بۆ ئەوەی بەباشی کاربکات، کاتێک بە هۆی کەمخوێنیەوە ئەم بڕە پێویستەی ئۆکسجین دابیین ناکرێت ئەوکات مرۆڤ هۆشیاریی و وریایی لەسەر شتەکانی دەوورووبەری لەدەستدەدات و پەیوەندییەکانی بە باشی بە ئەنجام ناگەیەنێت.

ناسکبوون و هەڵوەرینی نینۆکەکان، ئەمەش دیسان بە هۆی کەمی ئۆکسجینەوە روودەدات کە لە ئەنجامی کەمخوێنییەوە دروست دەبێت، نینۆکەکان ناسك دەبن و تووشی هەڵوەرین دەبن، چونکە نینۆك پێویستی بە ئۆکسجینی تەواوە بۆ ئەوەی تەندروست بێت.

وشكبوونەوەو تەقینی گۆشەکانی لێو، لەوانەیە بە شێوەیەکی ئاسایی مرۆڤ بە هۆی هەتاو، با، یاخود نەخۆشی پەتاوە توشی ئەم حاڵەتە ببێت، بەڵام جیاوازی ئەم حاڵەتە کە بە هۆی کەمخوێنیەوە دروست دەبێت ئەوەیە کە گۆشەکانی لێو تووشی وشکبوونەوە و تەقین دەبن.

ئارەزووی خواردنی ئەو شتانە دەکەیت کە بۆ خواردن نابن، وەك دەباشیر، خۆڵ و زمانهێنان بەگەچی دیواردا، بەڵام زانایان تا ئێستاش بۆیان یەکلایی نەبۆتەوە کە بۆ کەمخوێنی دەبێتە هۆکاری ئەم جۆرە ئارەزووانە.