سەردێڕ:

روسیا.. رێگایەکی نوێ بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت

فۆتۆ: 
2020-04-18

2712 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکانی روسیا بە بەکارهێنانی ئۆکسجین و ژوورێکی فشار بەرز چارەسەری ئەو توشبووانی کۆرۆنا دەکەن کە باری تەندروستییان ناجێگیرە.

ماڵپەڕی ڕوسیا تودەی بڵاویکردووەتەوە، ناوەندی پزیشکی بایۆلۆجی فیدراڵی روسی، ڕێگایەکی جیاواز بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا بەکاردەهێنن، کە ئەویش تێرکردنی خوێنی توشبووەکانە بە ئۆکسجین (ناردنی بڕی تەواو لە ئۆکسجین بۆ خوێن) لەناو ژوورێکی فشار بەرزدا.

ئەو ناوەندە رایگەیاندووە، ئەو چارەسەرە لەسەر یەکەم توشبووی کۆرۆنا تاقیکراوەتەوە و کاریگەرییەکانی سەلمێندراوە، ئۆکسجینەکەش لەڕێگەی دەمامکی تایبەت، یان ئامێری هەناسەدانی دەستکرد یان بەکارهێنانی ژووری فشار بەرزەوە بە نەخۆش دەدرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، چارەسەرەکە بۆ ئەو توشبووانەی کۆرۆنا بەکاردێت کە باری تەندروستییان ناجێگیرە.

تا ئێستا زیاتر لە ٣٢ هەزار توشبووی کۆرۆنا لە روسیا تۆمارکراوە و ٢٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها دوو هەزار و ٥٩٠ کەسیش چاکبوونەتەوە، پزیشکانی روسیش هاوشێوەی پزیشکانی بەشێکی دیکە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، لە هەولی دۆزینەوە ڕێگایەکی کاریگەردان بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا.

س.س